Wednesday, October 18, 2017

خانمێكی كورد لە ئاسمانەوە داوای پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات

د. سورەیا فەلاح:
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەركەوتوو لە باشووری كوردستان زنجیرە چالاكییەكم ئەنجام دا
گوڵان – كۆمەڵایەتی
كورد لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانە خاكییەدا گیرسابێتەوە، خەونی گەورەی ئەوەیە نەتەوەكەی لە ژێردەستی و ستەمی داگیركاری رزگاری ببێت، لە دوای ئەنجامدانی گەلپرسی لە باشووری كوردستانیش كە بە چەندین كەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەری پێشوازی لێكراو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا، هەر كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوخۆ و دەروەی وڵات بە جۆرێك و بە پێی توانا كاردانەوەی هەبووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە. بەڵام د. سورەیا فەلاح چالاكى ماقى ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا، بە بیرۆكەیەكی مەترسیدار و بۆ یەكەمجار و تەنیا دوای كاتژمێرێك مەشق و ڕاهێنان، بڕیار دەدات لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و ئاڵای كوردستانەوە دابەزێت و داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكاش بكات كە پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەن.
د. سورەیا فەلاح چالاكى ماقى ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا بڕیارێكی بوێرانەو به مەبەستی وەرگرتنی پشتگیریكردن له سەربەخۆيی باشوورى کوردستان رۆژی 1/10-2017 له ویلایەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا و له ويلايەتى كاليفورنيا زنجيره چالاكيیەكی مەدەنى ئەنجام دا. هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: "لە ئەمریكا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە لوبی هەن، كە دەكرێ لە رێگەی ئەوانەوە كاریگەری لە سەر رای گشتی دروست بكرێت، منیش بڕیارم دا بۆ وەرگرتنی پشتیوانی لە سەربەخۆیی كارێكی مەترسیدار بكەم، كە هەرگیز لەو بوارەدا كارم نەكردووە، ئەویش خۆبەردانەوە لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و بە ئاڵای كوردستانەوە، كە بێگومان بە بێ یاریدەدەر لە توانای مندا نەبوو. بەڵام هەمیشە چارەنووسی نەتەوەییم بەلامەوە زۆر گرینگ بووە، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەركەوتووش لە باشووری كوردستان زنجیرە چالاكییەكم ئەنجام دا. سەرەتا رۆژى يەكشەممە رێكەوتی يەكى مانگى ئۆكتۆبەر، له فڕۆكەخانەى شارى لۆمپاك بە هەڵگرتنى ئالایەكى گەورەی كوردستان و به پۆشينى كراسێك كه ئالاى كوردستان و ناوی كوردستانى سەربەخۆى لە سەر چاپ كرابوو، توانیم سەرنجى ئامادەبووان و كاربەدەستانی فڕۆكەخانەكە راكێشم، و ئامانجی خۆمیان بۆ شی بكەمەوە. " 
وەك باسیكرد لەو چالاكییەدا خەڵكی هان داوە كە پشتیگری گەلی كوردستان بكەن، خۆیشی داواى له بەرپرسانى ئەمريكا كردووە كە پشتگيرى دۆخى كورد و خواستى رەواى كوردستانییان بۆ بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بكەن.
هەر لە بارەی چالاكییەكانیەوە، د. سورەیا فەلاح ئاماژەی بەو دا كە لە چالاكییەكی دیكەدا داوای لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كردووە دەنگى خۆيان بخەنه پاڵ كۆنگرێس مەنێكی ئاشنا بە دۆزی كوردو هەر لەو بارەیەوە گوتی: "بەڕێز فڕانك تڕێنت، نوێنەری (ويلایەتى ئاريزونا)یە له كۆنگرێسی ئەمريكا و كەسێكی دڵسۆز و شارەزای پرسی كوردە، بۆیە داوام لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كرد، لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان كە مافى رەواى گەلەكەمانە هاوكارى و هاوڕایی بەڕێز فڕانك تڕێنت بكەن. "
وەك باسیكرد له بەشێكى ديكەی زنجيره چالاكییەكانی و لە گەشتێكدا به سەر ئاسمانى شارى لومپاك له به رزايى ١٣٠٠٠ فوت ـەوە، بە هاوكاری یارمەتیدەرەكەی لە كاتێكدا ئاڵای كوردستانی لەو ئاسمانەدا شەكاندووەتەوە، بە سەڵامەتی نیشتووەتەوە. دوابەدوای ئەو كارەش ئامانج و مەبەستی خۆی بۆ ئامادەبوونی شوێنكە خستووەتەڕوو، هەر وەها بە وردی باسی هەلومەرجی ناوچەكە و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە. گوتیشی: "وڵاتانى زلهێزی ناوچەكه؛ ئێران و توركيا لەمێژه بە هەموو شێوەیەك مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانییان پێشێل كردوە، ئێستاش به هاودەنگى لەگەڵ كاربەدەستانى عێراقدا گەشتی ئاسمانی بۆ هەوڵێر و سلێمانییان قەدەغە كردووە، گەمارۆی سیاسی و سەربازییان بە سەر باشووری كوردستاندا سەپاندووە، بەڵام من پەیامی دڵگەرمی و دڵنیایی بە هاوچارەنووسان و گەلی خۆم ددەم، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی جیهان و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەشەكێتەوە، كوردستانی سەربەخۆ لە ئاسۆی رووناكی نزیك بووەتەوە و رۆحی پاكی قوربانییانمان شاد دەبێتەوە. "
وەك باسیكرد، فڕۆكەخانەی لومپاك له باكوورى ويلايەتى كاليفۆڕنيایە و جێگايەكى بەناوبانگە بۆ ئەنجامدانی گەشتى ئاسمانیى كورتخايەن، كە لەوێ بە مەبەستی جۆراوجۆر، تاك و گرووپەكان كۆدەبنەوە و شوێنەكە تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو خەڵك زۆر جار بە مەبەستی ئامانجدار و بۆ گەیاندنی پەیامێك گەشتی ئاسمانی دەكەن و بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدەدەن. گوتیشی: "له چەند ساڵى رابردوو تا ئێستا بەشێكى زور له چالاكانى مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ راكێشانى سەرنجى ميديا و كاربەدەستانى حكوومى روو لەم شوێنە دەكەن و هاوكات لەگەڵ بەشدارى له چالاكيیەكان، بە تاكە كەس، يان بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵ كێشەكانی خۆیان بۆ ئامادەبووان دەخەنەڕوو، دواتر لە رێگەی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرنجى رای گشتی و بڕیاربەدەستانی سیاسی بۆ پرسەكە رادەكێشن
https://www.facebook.com/gulan.komelayeti/posts/613027799086425.
http://www.gulan-media.com/sorani/details.php?section=4&id=27875 "

No comments: