Thursday, December 27, 2007

Interview




پارێزەر سورەیا فەلاح سەرۆكی لیژنەی مافەكانی ژنی كورد لە باكووری ئەمەریكا بۆ گوڵان خاتوو سورەیا فەلاح كە ئێستا سەرۆكی لیژنەی مافەكانی ژنی كوردە لە باكووری ئەمەریكا(knc)، هەروەها چالاكگەرێكی كۆمەڵگایە و هەوڵدەدات بۆ پشتگیری مافەكانی مرۆڤ و ئازادكردنی زیندانە سیاسییەكان لە ئێران.
سورەیا لە كوردستانی رۆژهەڵات لە نێو بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ هاتۆتە دنیاوە، هەر بۆیە زۆر بە گەنجی تێكەڵاوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووە و پاشان چۆتە ئەمەریكا.
پارێزەر سورەیا فەلاح هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چەند كتێبێكی نووسیوە و ئێستا تۆژەرە لە ئامۆژگای دیراساتی سیاسەت و نێودەوڵەتی (IPIS)، و چەندین جاریش راوێژكار و ئەندامی چالاكی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و خاچی سووری نێودەوڵەتی بووە.
وەك چالاكگەریكیش لە بواری داكۆكی كردن لە مافی ژنی كورد، رێكخەری چەندین كۆنفرانس و بەشداریشی لە زۆربەی كۆنفرانسەكانی ژنانی كورد كردووە/ مارتی 2007 یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆنفرانسی داكوكیكردن لە مافی ئافرەتان لە هەولێر، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت زۆر بە راشكاوی هەڵوێستی حكومەتی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پیشاندا، گوڵان پەیوەندی بە پارێزەر سورەیا فەلاح كرد و بەرێزی بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان، دەربڕی.

هەنگاوێكی گەورە بۆ سنووردانان بۆ توندوتیژی دژی ئافرەتان
دەسەڵات یان حكومەت رۆڵی كاریگەر و بەرچاو لە رێكخستنەوەی بونیادی كۆمەڵگا و پیادەكردنی یەكسانی دەگێڕێت،، هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی كە لە وتاری مەراسیمی خەڵاتی ژنپارێزی ئاماژەی پێكرد، رەنگدانەوەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەرنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی كە دژ بە ژنان پیادە دەكرێت، سەبارەت بەم هەڵوێستە بوێرانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خاتوو سورەیا فەلاح بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی:
(ئەم هەڵوێستەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێكی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەرێمی كوردستاندا سنورێك بۆ توندوتیژی دژی ئافرەتان دابنرێت، لەبەر ئەوەی دیاردەی پیادەكردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاردەیەكی زەقی ناو یاساكانی پێشووی عێراق بووە، هەندێك لەو توندوتیژییانەی كە لە دژی ئافرەت پیادە دەكرێت یاساكانی پێشووی عێراق پشتگیریان لێكردووە، هەر بۆیە ئەم دیاردەیە رەگ و ریشەی لەو ناو كۆمەڵگەی كوردستاندا داكوتیوە و كارێكی ئاسان نییە لە ریشە هەڵكێشانی.
لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵگیراوە و هەوڵدراوە ئەو یاسایانە هەموار بكرێت كە رێگە بە پیادەكردنی توندوتیژی دژی ژنان دەدەن، كەلتووری كۆمەڵگای كوردستان كەلتوورێكە رێز لە مافی ئافرەت دەگرێت، بەڵام ئەم كەلتوورەش وەك تەواوی كوردستان شێوێنراوە، هەر بۆیە پێویستی بە هەوڵێكی گەورەیە بۆ ئەوەی رێكخرێتەوە، لە بەر ئەوەی نەریتێكە ، بۆ كۆمەڵگای ئێمە نامۆیە، كۆمەڵگەی ئێمە رێزی ئافرەت دەگرێت، بەڵام دەبینن ئێستا كاتێك ئافرەت هەڵەیەك دەكات، یان ئەوەی پیاو بە هەڵەی دادەنێت، دەبینن پیاوەكە ئەو مافە بەخۆی دەدات ژنەكە بكوژێت، هەر بۆیە چارەسەری ئەم جۆرە كێشانە و بەرەنگاری ئەو نەریتەی هاتۆتە ناو كۆمەڵگەكەمان پێویستی بە هەڵوێستی راشكاوانەی حكومەت هەیە و كاتێك نێچیرڤان بارزانیش ئەم هەنگاوە هەڵدەگرێت، ئەوە هەنگاوێكی گەورەیە.
دوای كوشتنی دوعا بۆ یەكەمجار باسی كۆمەڵگەی ئێمە كرا
سەبارەت بە قێزەوەنی ئەو دیاردەیە كە بە چ ئاستێك سیمای كۆمەڵگەی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان ناشیرین دەكات سورەیا فەلاح رای خۆی دەربڕی:
(گەلێك جار و لە گەلێك بۆنەدا لە كوردستان جەختكراوەتەوە سەر ئەوەی كە دەبێت دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت رابگیرێت، تەنانەت رێزدار نێچیرڤان بارزانیش چەندین جاری دیكەش تەئكیدی لەسەر ئەم مەسەلەیە كردۆتەوە، من لێرەدا دەخوازم راشكاوانە ئاماژە بە كوشتنی دوعا بكەم لە كوردستان، حەز دەكەم ئەوە بڵێم كە تا چەند ئەم رووداوە رووی كۆمەڵگەی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان ناشیرین كرد، لەبەر ئەوەی كوشتنی دوعا دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، ئەو دەنگدانەوەیە رووی دواكەوتوویی كۆمەڵگەی ئێمەی پیشانی جیهاندا و یەكەمجار بوو بەو شێوەیە باسی كۆمەڵگەی ئێمە بكرێت.
ئەوانەی لە ئەوروپاشن لەم كەلتوورە رزگاریان نەبووە
لە درێژەی قسەكانیدا و سەبارەت بەریشەیی ئەم نەریتە ناشیرینە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، سورەیا ئاماژەی بەوە كرد، كە ریشەكێش كردنی ئەم دیاردەیە پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە، خەڵك هەیە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ لە ئەوروپا ژیاوە، كەچی لە ئەوروپا ژن دەكوژێت، یان گەنجێك لە ئەوروپاوە دێتەوە و لە كوردستان ژن دەكوژێت، بۆیە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە كە بتوانێت هەڵوێستێكی راشكاوانە و بوێرانەی هەبێت و بەرامبەر ئەم دیاردەیە رابوەستێت، لەبەر ئەوەی كاتێك كەسێك ژنێك دەكوژێت كێ دەتوانێت ئەو بكوژە وەك بكوژێكی بە ئەنقەست بناسێنێ، ئەگەر حكومەت یاسایەكی نەبێت بۆ ناساندنی وەك بكوژی مرۆڤێك و ئەنجامدەری تاوانێكی بە ئەنقەست، هەر بۆیە زۆر جێگای خۆشحالیە كە دەبینرێت لە كوردستان عێراقدا هەوڵدەدرێت تاوانی كوشتنی ئافرەت وەك تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست سەیر بكرێت و ئەنجامدەری تاوانەكە وەك تاوانباری تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست سزا بدرێت.
دەبێت پیاو هاریكاری ژن بێت بۆ لابردنی ئەو زوڵمە
كاتێك باسی پیادەكردنی توندوتیژی دەكرێت، حەتمەن ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان پیادە دەكات تاكی پیاوە، بەڵام مەرجیش نییە هەموو پیاوان لەگەڵ پیادەكردنی توندوتیژی بن دژی ژنان و، بۆیە دەكرێت پیاوانیش هاوكاری ژنان بن بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژیە، دەربارەی هاوكاری پیاوان لەم مەسەلەیەدا لەگەڵ ئافرەت، سورەیا گوتی:
(10 ساڵ پێش ئێستا یونسكۆ كونگرەیەكی لەسەر ژنان گرێدا، لەم كونفرانسەدا ئاماژە بەوەكرا كە دەبێت ئافرەت خۆی هەوڵبدات دژی توندوتیژی رابوەستێت و هەروەها دەشێت ئەم كارەش بە هاوكاری پیاو بكات لە بەر ئەوەی پیاویش نیوەكەی دیكەی كۆمەڵە.
من لەم راستییەدا هەموو پیاوان بە دژی ژن نازانم یان هەموو پیاوان وا نابینم كە پشتگیری لە توندوتیژی دژی ئافرەتان بكەن، بەڵكو پیاوێكی زۆر دژی توندوتیژی ئافرەتان رادەوەستن و هاوكاری ئەم پیاوانەش
لەم بوارەدا زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پیاو پشتگیری ئافرەت نەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندووتیژی و رێگرتن لە كوشتنی ژن، ئەوا ئافرەت بە تەنیا ناتوانێت، ئەگەر پیاوان پشتگیری ئافرەت نەبن بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەی ئافرەتان ئەوا ئافرەت بەتەنیا ناتوانێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ناو كۆمەڵگە پیاو لە ئافرەت بەهێزترن و لەناو دامودەزگاكانی دەوڵەتیشدا بڕیار بەدەستی پیاوە.
لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە رێژەی ئەو پیاوانەی پشتگیری لە مافی ژنان دەكەن زۆرن، ئێستا ئافرەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە هەروەها ئافرەت وەزیرە، رێگە بە چالاكی ئافرەتان دەدرێت و بیروڕای خۆیان لەگەڵ پیاوان ئاڵوێر دەكەن، لە هەمووشیان گرنگتر هەڵوێستەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە كە بەردەوام جەخت لەسەر ئەم مەسەلەیە دەكاتەوە و پشتگیری لە مافی ژنان دەكات، هەر بۆیە ئەم مەسەلەیە لە دەوڵەتی هەرێمی كوردستاندا بەو ئاستە گەورە نییە، جێگەی خۆشحاڵییە كە یاساكانی گۆڕاون و هەروەها بیروڕای ئەوەشیان هەیە هەنگاوی گەورەتر هەڵبگرن، ئێستا حكومەتی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە مەسەلەی كوشتنی ژن وەك تاوانێكی ئابڕوبەر بناسێت، بكوژی ژن وەك قاتڵ بناسێت و هیچ جیاوازیەكی نەبێت لەگەڵ ئەوكەسەی پیاوەێكی كوشتبێت، ئەمە بە هەنگاوێكی هێجگار گرنگ دادنرێت.
فێربوونی رێزگرتن لە یاسا لە پەروەردەوە دەست پێدەكات
بۆ ئەوەی ئەم كەلتورە ئابڕوبەرە بگۆڕین بە كەلتورێكی سەردەمیانە و گەڕانەوە بۆ رەسانەیانی كۆمەڵگەی كوردستان كە هەموو كات لە هەوڵی ئەوەدابووە رێز لە ئافرەت بگیرێت و مافەكانی بۆ دابین بكات پێویستمان بە پرۆسەیەكە كە دەبێت جارێكی دیكە لە ریشەوە ئەو كەلتوورە نامۆیەی دزەی كردۆتە كۆمەڵگەی كوردستان دەربهێنرێت سەبارەت بەم هەنگاوانە خاتوو سورەیا گوتی:
(زۆر جارگوێمان لەوە دەبێت هەندێك پیاو دەڵێن من ئەو ژنە دەكوژم ئینجا هەرچییەك دەبێت باببێت) ئەم قسەیە پشت ئەستووریە بەو نەریتەی لە كۆمەڵگادا رەگی داكوتیووە و دڵنیاشە یاساكان مەسەلەی بكوژی بە ئەنقەستی لەگەڵ ناكەن و ئەگەر سزاشی بدەن سزایەكی سووك دەدەن، بۆیە پێویستە ئەم پشت ئەستوورییەی پیاوان نەهێڵرێت و یاسایەك هەبێت كە وەك بكوژی بە ئەنقەست سزای بدات، هەروەك چۆن ئێستا ئەم یاسایە لە ئەمەریكا و ئەوروپا پیادە دەكرێت، كە ئەم یاسایە پیادەكرا حەتمەن پیادەكەی دەگاتە قەناعەت كە ئەم رەفتارەی هەڵەیە و نابێت بیكات. هەربۆ نموونە ئێستا لە ئەوروپا و لە ئەمەریكاش، ئەگەر ژن یا پیاو دەستدرێژی بكەنە سەریەك، ئەو جا مەرج نییە هەر پیاو توندووتیژی بەكار بهێنێت، جاری وای هەیە ژنیش توندووتیژی بەكار دەهێنێت، هەركامیان تەلەفۆن بۆ پۆلیس بكات، پۆلیس ئەوكەسە راپێچی زیندان دەكات كە دەستدرێژی كردۆتە سەر بەرامبەرەكەی، یان باوكێك توندووتیژی دژی كچەكەی پیادە بكات، باوكەكە دەبرێتە بەردەمی دادگا و سزای دەدرێت، بۆیە پێویستە لە كورستانیشدا یاسایەك هەبێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ توندووتیژی بكات.
لە هەندێك شوێن كۆرپەی ناوسكی دایك كوڕ بێت یان كچ جیاوازی هەیە
هەر سەبارەت بە جیاوازی نێوان رەگەزی نیرومێ و تێڕوانینی كۆمەڵگا بۆ زاڵكردنی پیاو بەسەر ئافرەتدا خاتوو سورەیا گوتی:
(كەلتوری كۆمەڵگەی كوردەواری جیاوازی لە نێوان رەگەزی نێرومێ ناكات و لە كەلتوری رەسەنی كوردەواریدا ئافرەت ئازادە، بەڵام چەندین كەلتووری دیكە بەهۆی شەڕ و شۆڕ و داگیركارییەوە هاتۆتە ناو كۆمەڵگەی ئێمە و ریشەی داكوتاوە، بەداخەوە هەندێك لە كەلتوورە بەناوی ئیسلام بەسەر ئێمەیاندا سەپاندووە كە لەوانەیە بەهەڵە تەفسیری ئیسلامیان بۆ كردبین من ئەوەیان نازانم، بەڵام لە كوردستاندا مەسەلەی سەرەكی ئێمە مەسەلەیەكی نەتەوەیی بووە و ئیسلام بە جوانترین شێوە وەریگێڕاوە و هەر بۆیە بێجگە لە ئیسلام ئاینەكانی دیكەش لە كوردستاندا بوونیان هەرماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەلتوری بێگانە تێكەڵاوی كەلتووری ئێمە بووە و پیان گووتین بەپێی ئیسلام بۆتان هەیە ژن بكوژن، هەروەها ئیسلام ژن بە نیوە حسابی دەكات، ژن حەق و حقوقی پیاوە، وەك هەر كەلوپەتیكی دیكە كە پیاو خاوەنداریەتی دەكات. ئافرەت لە ماف و میراتدا شێوەی پیاو وەردەگرێت، تەنانەت ئەگەر ژنێكی سكپر بكوژرێت بەهەر هۆیەك بێت، ئەگەر زانرا كۆرپەكە كچە ئەوا جۆرێك»دیە»وەردەگرێت و ئەگەر زانرا كوڕە دووبەرابەر»دیە»وەردەگرێت. خەریكە هەموو ئەمانەمان بەناوی ئیسلامەوە بەسەردا دەسەپێنێ، كە هەموو ئەمانەش زەمینەخۆشكەرن بۆ پیادەكردنی زیاتری توندووتیژی دژی ئافرەتان
بۆ ئەوەی ناوی میللەتەكەمان نەزڕێت دەبێت پشتگیری هەڵوێستەكەی نێچیرڤان بارزانی بكەین
كە نەریتی توندووتیژی دژی ئافرەت و دیاردەی ژن كوشتن بەناوی ناموس پارێزییەوە نەریتی كۆمەڵگەی ئێمە نەبێت و لەڕێی داگیركارییەوە بەسەرماندا سەپێنرابێت، كەواتە نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئەوەدەدات كە رەسەنایەتی كۆمەڵگەی كوردستان بگرێتەوە و ئەو دیاردە نامۆیە ریشەكێش بكرێت كە خۆی خزاندۆتە ناو كۆمەڵگەی ئێمە، لەم حاڵەتەدا حكومەتی كوردستان پێویستی بە پشتگیری تەواوی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوەی سەركەوتوو بێت دەربارەی ئەم پرسە پارێزە و سورەیا فەلاح بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو:
(من حەز دەكەم دیسان لەم فاكتەرە دەست پێ بكەم، بۆ یەكەمجار كە ناوی كورد هات بەوەی بۆدواوە دەگەڕێتەوە، ئەوكاتە بوو كە دوعا لە كوردستان كوژراو دەنگیدایەوە، زۆر كەس گەیشتنە ئەو قەناعەتە كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی دواكەوتووە، ئەمە لە كاتێكدا چەندین ساڵ بوو هەموو هەوڵی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوە بوو كە بە جیهان بڵێین كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانی عێراق هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵدەگرێت و رێگەی خۆی دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەو رووداوەی دوعا خەریك بوو ئەو هەموو هەوڵە بەفیڕۆ بدات، هەر بۆیە زۆر گرنگە ئاگاداری ئەوە بین كاتێك ژنێك بەناوی نامووس پارێزی لە كوردستان دەكوژرێت، تا چەند سیمای كۆمەڵگەی كوردستان لەبەرچاوی خەڵك ناشیرین دەبێت هەر بۆیە كاتێك سەرۆكی حكومەتی كوردستان راشكاوانە هەوڵدەدات ئەم دیاردەیە رابگرێت و لەلایەن ژنانی كوردستانەوە پشتگیری لێدەكرێت ئەمە مەسەلەیەكی هێجگار گەورەیە و دەبێت هەموومان پشگیری لێ بكەین بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبێت، هەروەها پێویستە لەسەر هەموو ئاستەكان بەتایبەتی پەروەردە كە لە قۆناخی منداڵیەوە فێر بكرێن كە ئەو كەلتوورە كەلتووری ئێمە نییە، هەروەها لەسەر ئاستی دەزگاكانی راگەیاندنیشی دەبێت ئەم مەسەلەیە بایەخێكی گرنگی پێ بدرێت و ئێمە هەڵمەتێك بۆ هۆشیاركردنەوەی زیاتر و بەگژداچوونەوەی ئەو دیاردە ترسناكە.

No comments: